موحسین ڕەزایی: دەبێت زلەیەکی توند لە دوژمن بدرێت بۆ ئەوەی مەرجەکانی ئێران قبوڵ بکات

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی، کە نزیكە لە سوپای پاسدارانەوە، لێدوانێکی موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری ڕابەری باڵای ئێرانی بڵاوکردەوە کە تێیدا هەڕەشەی توند لە دوژمنانی وڵاتەکەی دەکات و هاوکات تێبینیی خۆی لەسەر ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران دەخاتەڕوو.

موحسین ڕەزایی ڕایگەیاندووە" یان دەبێت زلەیەكی توند لە دوژمن بدرێت بۆ ئەوەی هۆشی بۆ بگەڕێتەوە، یان بە شێوەیەکی عەقڵانی مەرجەکانی ئێران قبوڵ بکات".

ڕاوێژکارەکەی عەلی خامنەیی جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی لەگەڵ حیزبوڵای لوبناندا دەوەستێت.

سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ڕەشنووسی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، ڕەزایی ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەشنووسەکە تەمومژاوییە و پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر هەیە.

باسی لەوەش کردووە کە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت فشار لەسەر تاران دروست بکات بۆ ئەوەی مەرجەکانی ئەو قبوڵ بکەن، لە کاتێکدا دەیەوێت مەرجەکانی ئێران بە ناڕوونی بهێڵێتەوە.



AM:11:27:05/06/2026