دۆناڵد ترەمپ: دانوستاندنەکانمان لەگەڵ ئێران پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە


سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان باس لە پێشکەوتنی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران دەکات و جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە "ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی"، لە لایەکی دیکەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە کە گفتوگۆ لەسەر چەکی ئەتۆمی ناکەن. 

هەینی، ٥ حوزەیران ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "ئێران ئێستا لە پێگەیەکدا نییە رێگای پێبدەین ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و، دانوستانەکانی نێوانمان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوە، ئێمە سەرکەوتنی گەورە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بە دەست دەهێنین".

"ژمارەیەکی زۆر لە کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت بە شێوەیەکی ئاسایی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن، ئەمەش هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرز نەبێتەوە بۆ ٣٠٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک"، سەرۆکی ئەمریکا وا دەڵێت.

لە لایەکی دیکەوە حەمیدڕەزا حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەبارەت بە رێکەوتنیان لەگەڵ ئەمریکا وتی "وزەی ئەتۆمیی ئاشتییانە مافێکی رەوایە کە ئێمە بە پشتبەستن بە توانای ناوخۆیی پێی گەیشتووین و لەناوناچێت، هیچ دانوستاندنێک لەبارەی ئەم بابەتەوە قبووڵ ناکەین و سەرەڕای گوشارەکانیش، جەخت لە مافە ئەتۆمییەکانی خۆمان دەکەینەوە".

ئەمریکا دەیەوێ تاران ناچار بکات هەموو یۆرانیۆمەکەی رادەست بکات یان بیباتە دەرەوەی وڵاتەکە. لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئێرانیش رەتی دەکەنەوە.




PM:11:04:05/06/2026