سێنتکۆم: ٤ درۆنی ئێرانیمان خستە خوارەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان ٤ درۆنی هێرشبەری ئێرانییان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو گەرووی هورمز دەڕۆیشتن، جەختیشی کردەوە ئەو فڕۆکانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بوون بۆ سەر جووڵەی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا.

سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشی درۆنەکان بۆ چوار کەشتی لە گەرووی هورمز ئاراستە کرابوون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دوای ئەوە، هێزەکانی ئەمریکا چەند هێرشێکیان کردووەتە سەر پێگەکانی راداری چاودێری کەناراوەکانی ئێران لە ناوچەی "گروک و دوورگەی قەشم"، بە مەبەستی رێگریکردن لە هێرشی زیاتر و پاراستنی کەشتیوانی نێودەوڵەتی.

فەرماندەیی ناوەندی جەختی کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە دۆخی ئامادەباشی بەرزدا دەمێننەوە و توانای وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەکی ئێرانییان هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم رێکارە سەربازییانە لە چوارچێوەی بەرگریکردن لە خۆ و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا بووە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز وەک رێکارێکی هۆشداریدان تەقەیان کردووە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو تەقانە پەیوەندییان هەیە بە گۆڕینی پێگەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

بەپێی سەرچاوە ئێرانییەکان، ئامانجی تەقەکان ناوچەیەکی دەریایی بووە لە پشت دوورگەی لارک لە نزیک بەندەر عەباس. هاوکات ئاژانسی مێهر ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەبوونی هێرش بۆ سەر بەندەر عەباس دەکەن.

هەر ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە موشەکی بالیستی بنکەکانی ئەمریکای لە کوەیت و بەحرەین بۆردومان کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، تەقەیان لە ٤ نەوتهەڵگر کردووە کە ویستوویانە بێ مۆڵەتی ئەوان بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بن.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا رایگەیاند؛ ئێران ٧ موشەکی بالیستی ئاراستەی کوەیت و بەحرەین کردووە، بەڵام توانیویانە ٦ موشەکیان لە رێگەی سیستمە بەرگرییەکانەوە تێکبشکێنن و موشەکی حەوتەمیش نەگەیشتووەتە ئامانجەکەی. پێنتاگۆن جەختی کردەوە، هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانیاندا نییە و ئەو دەنگۆیانەی ئێران کە دەڵێت زیانیان بە فرقەی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا لە بەحرەین گەیاندووە، دوورن لە راستی.

لەلایەکی ترەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند؛ هێزەکانی سوپای عێراق رووبەڕووی درۆنێکی نەناسراو بوونەتەوە لە دەوروبەری پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین.




AM:09:47:06/06/2026