وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر سیریک و قەشم پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەستە

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەی سوپای ئەمریکای بۆ سەر دامەزراوە ڕادارییەکان و چاودێریی کەناراوەکان لە ناوچەی سیریک و دوورگەی قەشم، بە "پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەست" وەسف کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند'' ئەو دامەزراوەیانەی لەم هێرشەدا کراونەتە ئامانج، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی وڵاتەکەیان و دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانییان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا لە ئەستۆ بووە.''

وەزارەتەکە ئەم کارەی ئەمریکای بە درێژکراوەی "ڕەفتارە دوژمنکارانە و ئیستفزازییەکانی" واشنتۆن دژی تاران ناوبرد و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە نیشاندەری بێبایەخیی حکومەتی ئەمریکایە بەرامبەر بە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی "مافی بنەڕەتیی بەرگریی ڕەوا"ـدا وەڵامی ئەم هێرشەیان داوەتەوە و نەیانهێشتووە ئامانجەکانی هێرشەکە بەدی بێت.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی داوە کە ئەم هێرشە پێشێلکردنی چەندبارەی ئاگربەستە لەلایەن ئەمریکاوە، و واشنتۆن بەم کارانەی ئاسایشی ناوچەکەی ڕووبەڕووی مەترسیی جیدی کردووەتەوە، بۆیە بەرپرسیارێتیی تەواوی لێکەوتەکانی ئەم هێرشە و هەر ئەگەرێکی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ئەستۆی حکومەتی ئەمریکایە.



PM:08:56:06/06/2026