ترەمپ داوا لە نەتانیاهۆ دەکات وەڵامی ئێران نەداتەوە

سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند'' داوا لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات وەڵامی هێرشە موشەکییەکەی ئێران نەداتەوە، چونکە نایەوێت ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە لەبار بچێت کە وڵاتەکەی لەگەڵ تاراندا زۆر لێی نزیک بووەتەوە.''

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دۆناڵد ترەمپەوە بڵاویکردەوە، کە ناوبراو بە نیازە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نەتانیاهۆدا ئەنجام بدات و داوای لێ بکات دان بە خۆیدا بگرێت.

ترەمپ لەو بارەیەوە وتی'' هێرشەكانی ئێران هیچ بریندارێکیان لێ نەکەوتووەتەوە و هیوادارین ئیسرائیل وەڵام نەداتەوە، چونکە ئەگەر نەتەنیاهۆ وەڵام بداتەوە، بارودۆخەکە وەک چەندین ساڵی ڕابردوو بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە".

سەرۆكی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی زۆر نزیکە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێران و وتی'' ئەمە ڕێککەوتنێکی باش دەبێت. نامەوێت بەهۆی ئەوەی ئێستا ڕوودەدات ئەو پرۆسەیە لەبار بچێت. ئیسرائیل و ئێران، هەریەکەیان ئەوەی هەیبوو تاقیکردەوە، پێویستمان بە لێدانێکی تر نییە."

پێشتریش ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "فۆکس نیوز" بە ڕوونی داوای لە تاران کردبوو گرژییەکان ڕابگرێت و بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان، و ڕایگەیاندبوو" موشەکەکانی خۆتانتان هاوێشت، ئەمە بەسە، ئێستا کاتی گەڕانەوەیە بۆ دانوستان و واژۆکردنی ڕێککەوتن".

ئەم هەڵوێستە کتوپڕەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند بنکەی ئاسمانیی "ڕامات دەیڤد"ی ئیسرائیلییان بە موشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج، وەک وەڵامێک بۆ پابەندنەبوونی واشنتۆن و تەلئەڤیڤ بە ئاگربەست.

لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە سەرجەم ئەو ١٠ موشەکەی لە لایەن ئێرانەوە هاوێژرابوون، لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشێندراون و هیچ زیانێکیان نەبووە.



AM:12:03:08/06/2026