گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران گەیشتەوە لوتکە؛ ئێران دەیان هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوە، ئەمیش لەلای خۆیەوە وەڵامدانەوەی ئاسمانی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئێران ئەنجام داوە.
دوای ماوەیەک لە ئارامیی ڕێژەیی، جارێکی دیکە ئاگری شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران گەیشتەوە لوتکە، بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ئێوارەی یەکشەممەوە، ڕژێمی ئێران نزیکەی ٣٠ مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، ئەمەش بە یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ دادەنرێت لە دوای ئاگربەستەکەی ٨ی نیسانی ڕابردوو. هاوکات، حوسییەکانی یەمەنیش بە جیا دوو مووشەکیان بەرەو ئیسرائیل هاویشتووە.
لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە لە وەڵامێکی خێرا و بەرفراوانی ئیسرائیلدا، دەیان فڕۆکە ئیسرائیل بە ڕێنمایی هەواڵگری سەربازی، هێرشێکی قورسیان کردە سەر سیستەمە بەرگرییە ستراتیژییەکانی ناوخۆی ئێران و بەدەیان توانای بەرگری ئاسمانی ئێرانیان تێکشکاند.
بەپێی سەرچاوەکان، یەکەیەکی پترۆکیمیایی لە ناوچەی ماهشەهر لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکان.
سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ئەم لێدانانە، کە لە چوارچێوەی تەواوکاریی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" ئەنجامدراون، ئامانجیان پەکخستنی سیستەمە بەرگرییەکانی ئێران و فراوانکردنی ئازادیی کارکردنی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلە لە ئاسمانی ناوچەکەدا.
ئەم پەرەسەندنانە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە، هەرچەندە تا ئێستا ئیسرائیل و ئێران و حوسیەکان لەدوێنێ شەوە بوون بە بەشێک لە شەڕەکە، بەڵام ئەمەریکا دوور راوەستاوە، هەرچەندە ئیسرائیل دەیەوێت هاوپەیمانە ستراتیژەکەی کە ئەمەریکایە راپێچی شەڕەکە بکات.