کەناڵ ١٢ ئیسرائیل کەمێک بەر لە ئێستا بڵاویکردەوە لەسەر داواکاری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هێرشەکان بۆ سەر ئێران راگیراون، هەروەها قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد کە هێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل راگرتووە.
دوو شەممە، ٨ حوزەیران ٢٠٢٦، بەپێی زانیارییەکانی میدیا ئیسرائیلیەکە، تەلئەبیب بڕیاری داوە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕابگرێت، ئەمەش دوای داوایەکی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانیئیسرائیل.
کەناڵ ١٢ی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردوە کە "هێرشەکانی ئەمجارە لەگەڵ ئێران ڕاگیران، بەڵام بەردەوام دەبین لە هێرشەکان بۆسەر حزبوڵا لە لوبنان".
لە هەمان کاتدا هەر ئەمڕۆ قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە "لەم ساتەوە پڕۆسە سەربازییەکان دەوەستێنرێن، بەڵام ئەگەر دەستدرێژی و خراپەکارییەکانی ئەو رژێمە بەردەوام بن، بەتایبەتی لە باشووری لوبنان، ئەوا هەنگاوی زۆر تووندتر و وێرانکەرتر لە پێشوو لە رێگەدا دەبن."
شەوی رابردوو (یەکشەممە، ٧ حوزەیران ٢٠٢٦)، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ پێیان نایە قۆناغێکی نوێوە، سوپای پاسدارانی ئێران چەندان هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل، لە وەڵامی ئەو هێرشە مووشەکییانەدا، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەندان ئامانجی سەربازیی ئێران لە ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەو وڵاتە. هاوکات هێرشی کردە سەر کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی لە ماهشەهر.