سەرەڕای هەوڵە چڕەکانی واشنتۆن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داواکاریی فەرمیی سەرۆکی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنە سەربازییەکان دژ بە ئێران ڕەتکردووەتەوە.
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە'' پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەرچەندە بە شێوازێکی بەڕێزەوە بووە، بەڵام نەتانیاهۆ داواکارییەکەی ترەمپی قبوڵ نەکردووە.''
ترەمپ لەو پێوەندییەدا بە ڕوونی بە نەتانیاهۆی گوتووە کە پێویستە ئەم زنجیرە هێرش و دووبارەبوونەوەیەی گرژییەکان کۆتاییان پێبهێنرێت و تەواو بێت، هەروەها ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر ئەم هێرشانە نەداوە و پشتگیریشیان ناکات، بەڵام بنیامین نەتانیاهۆ بە شێوەیەکی ڕوون ڕەزامەندیی نیشان نەداوە و ڕەتیکردووەتەوە بە ئاسانی دەست لە هێرشکردنە سەر ئێران هەڵبگرێت.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەش کردووە کە سوپای ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک بەشداریی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەکردووە، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە واشنتۆن هاوکاریی ئیسرائیلی کردووە لە تێکشکاندنی ئەو موشەکانەی ئێران ئاراستەی وڵاتەکەیانی کردبوو.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند'' هێرشی کردووەتە سەر چەند سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی ئێران کە لە ماوەی ڕاگرتنی جەنگدا دووبارە بونیاد خرابوونەوە، و دواتریش هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی گەورەی پترۆکیمیایی لە ئێران کە ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی خاوی دروستکردنی چەک بەکارهاتووە.''