ئەنجومەنی دادوەریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بە کۆی
٢١ دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە ٣ دەنگی نەخێر و ١٠ دەنگی بێلایەن، ئەو بڕیارنامەیەی پەسەند
کرد کە لەلایەن ئەمریکاوە لەبارەی بەرنامەی ناوەکیی ئێرانەوە پێشکەش کرابوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٠ی حوزەیران، بڕیارنامەکەی ئەنجومەنی
دادوەری لە تاران داوا دەکات کە بەپەلە هاوکاریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم
بکات و مۆڵەت بدات پشکنەرانی ئاژانسەکە پشکنین بۆ سەرجەم دامەزراوە ناوەکییەکانی ئەو
وڵاتە ئەنجام بدەن.
هاوکات بڕیارنامەکە داوا لە ئێران دەکات ئاماری
وردی ماددە ناوەکییەکانی خۆی، بەتایبەتی ئەو بڕەی کە زیاتر لە ٤٤٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی
پیتێنراوی ٦٠٪ـە، بە فەرمی ڕادەستی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بکات.
ئەمریکا و چەندین
وڵاتی ئەوروپی چەندین جار لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسەکەوە بڕیارنامەی
سەرکۆنەکردنی ئێرانیان دەرکردووە بەهۆی هاوکارینەکردنی لەسەر یۆرانیۆمی شاراوە یان
بنکە شاراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، ئێرانیش لە بەرامبەردا هەندێک جار کامێراکانی
چاودێریی ئاژانسەکەی کوژاندووەتەوە یان ڕێگری لە چوونەژوورەوەی پشکێنەرەکان کردووە.