سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وەڵامی هەرەشەکانی ئەمڕۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و دەڵێت "هەڕەشەکانت گوزارشتە لە نائومێدی لە ئاست ئیرادەی گەلێکدا".
چوار شەممە، ١٠ حوزەیران ٢٠٢٦، مەسعود پزیشکیان بەم شێوەیە وەڵامی هەڕەشەکانی تەرمپی دایەوە " ژێرخانە ستراتیژییەکان دەمارە زیندووەکانی ژیانی خەڵکن، هەڕەشەکردن بۆ لێدان لە تۆڕەکانی گواستنەوە، کارەبا و ئاو، نیشاندەری هێز نییە، بەڵکو گوزارشتە لە نائومێدی لە ئاست ئیرادەی گەلێکدا".
سەرۆکی ئێران دوپاتی دەکاتەوە کە وڵاتەکەی بە پشتبەستن بە زانست و یەکڕیزیی نەتەوەیی، لە بەرامبەر هەر گوشار و هەڕەشەیەکدا دەوەستێتەوە.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "هاوشێوەی دوێنێ، گورزی زۆر بەهێز لە ئێران دەوەشێنین".