دوای شەوێکی گەرمی و پێکدادن، ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگرت


ناوچەی کەنداو شەوێکی پڕ لە شەڕ و پێکدادانی لە نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و ئێرانی بە خۆوە بینی و، وڵاتانی ئێران و بەحرەین و کویەت و ئوردون بوونە مەیدانی شەڕەکە، بەیانی رۆژی پێنج شەممە وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا راگرتنی شەڕەکەی راگەیاند.
دوای راگرتنی پێکدادانەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە بەڵێنی دا کە ئێران تێکدەشکێنێت ئەگەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان واژۆ نەکات.

ترەمپ بە کەناڵی "فۆکس نیوز" (Fox News)ی ڕاگەیاند: "ئەگەر ئێران بەم زووانە ڕێککەوتنێک واژۆ نەکات، ئەوا جارێکی دیکە بۆردومانیان دەکەین تا ئەو کاتەی بە تەواوی وێرانیان دەکەین."

هەروەها وتیشی "ئیسرائیلییەکان بەشدارییان لە هێرشەکانی سەر ئێران نەکردووە."

پێشتر، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە هێرشی کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی ئێرانی کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر هێزەکانی و کەشتییە بازرگانییەکان و شەوی رابردوو ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر یەکتری، لە کاتێکدا ترەمپ هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتری کرد ئەگەر تاران دەستبەجێ لەگەڵ ڕێککەوتنی ئاشتی کۆک نەبێت.

سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە دوایین هێرشەکانی "تواناکانی چاودێری سەربازی، سیستەمەکانی پەیوەندی و پێگەکانی بەرگری ئاسمانی لە ئێران" کردووەتە ئامانج، وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی ناوی برد بە "دەستدرێژی بێ پاساو و بەردەوام" لەلایەن تارانەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە وەڵامی داوەتەوە بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ١٨ ئامانجی سەربازی ئەمریکا لە کوێت و بەحرەین. دواتر ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ دووەم شەوی لەسەریەک بنکەی ئاسمانی "ئەزڕەق"ی لە ئوردن کردووەتە ئامانج، ئەویش بە ئاڕاستەکردنی ١٢ موشەکی بالیستی بۆ سەر ئەو بنکە ئەمریکییە

پەرەسەندنی کردەوە دوژمنکارییەکان لە سەرەتای ئەم ئەمە مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو ئاگربەستە فشەڵەی کە لە مانگی نیساندا لەسەری ڕێککەوتبوون، ئەمەش ئومێدەکانی بۆ کۆتاییهاتنی نزیکی ئەو شەڕە لاواز کرد کە لە کۆتایی مانگی شوباتدا بە هێرشی ئاسمانی چڕی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڵگیرسا.




AM:08:56:11/06/2026