راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ترەمپ، جۆن بۆڵتن لە نوێترین لێدوانیدا دەڵێت " ئەگەر ئێران بەو شێوەیە بەجێبهێڵرێت کە بتوانێت کۆنترۆڵی تەنگەبەرەکە بکات، ئەوا داهاتووی ئابووریی وڵاتانی عەرەبی لە کەنداو لەژێر هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی ئێراندا دەبن".
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ترەمپ لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت "دەبێت تەنگەبەری هورمز لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە لە ڕێگای هێزەوە بکرێتەوە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە گەڕاندنەوەی متمانە و جیدیەتی ئەمریکا لە کردنەوەی تەنگەبەرەکە و دووبارە چەسپاندنەوەی هێزی بەرپەرچدانەوە بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ کردنەوە و داخستنی تەنگەبەرەکە وەک سویچی کارەبا."
" ڕژێمی ئێران پشت بە دوودڵیی ترەمپ دەبەستێت لە دەستپێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ڕژێمەکە، بڕیارەکەش لە دەستی ترەمپدایە".( بۆڵتن وا دەڵێت).
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە ڕژێمی ئێران وای دەبینێت هەر ڕۆژێک تێپەڕێت بەبێ ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان هێزێکی سەربازیی گەورە لە دژی بەکاربهێنێت، ئەو ڕۆژە بە سەرکەوتن بۆ خۆی دادەنێت.
لە کۆتایدا ئەو راوێژکارەی پێشووی ترەمپ دەڵێت" سەرکردەکانی ئێران پێیانوایە ئێمە زۆر پەرۆشین (یان بێئومێدین) بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵیان، هەر بۆیە بەردەوام دەبن لە کات کوشتن و دواخستن تا ئەو کاتەی دەگەنە ئەو ڕێککەوتنەی کە بۆ خۆیان گونجاوە."