وتەبێژی سەرۆکایەتی روسیاووەزیری دەرەوەی تورکیا هەرکام
بەجیا داوا لە ئێران و ئەمریکا دەکەن دان بە خۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە سەر مێزی
گفتوگۆ.
پێنجشەممە ١١ی حوزەیرانی
٢٠٢٦، دمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا
رایگەیاند: "ئێمە هەست بە نیگەرانی دەکەین و داوا لە هەموو لایەنەکانی ئەم
ململانێیە دەکەین دان بە خۆیاندا بگرن و بگەڕێنەوە سەر رێگەی دانوستان".
وتەبێژی کرێملن هۆشداری
دا، ئەم خولە نوێیەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران تەنها مەترسی بۆ سەر رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست دروست ناکات، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ئابووری جیهانیش.
هاوکات هاکان فیدان وەزیری
دەرەوەی تورکیا رایگەیاند کە پێویستە کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
هێرشە دەستپێکراوەکانیان ڕابگرن و بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی زیاتری
گرژییەکان، بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن.
هاکان فیدان، ڕۆژی پێنجشەممە لە سۆفیای پایتەختی بولگاریا ڕایگەیاند
کە پێشنیاری تورکیا بۆ هەردوولا (کە وڵاتەکەی لە پەیوەندییەکی نزیکدایە لەگەڵ
واشنتۆن، تاران و هەروەها پاکستانی نێوەندگیر) ئەوەیە کە هەوڵ بدەن بۆ کۆتاییهێنان
و نهایی کردنی دانوستاندنەکان لەسەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە
دێن، ئەمریکا شەپۆلێکی نوێی هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێک لە ئێران، لە بەرامبەردا
تاران هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە کوەیت و بەحرەین راگەیاند، گەرووی
هورمزی بە تەواوی بەڕووی هاتوچۆی کەشتییەکاندا دادەخەن و هۆشداری دا هەر کەشتییەک
هەوڵی تێپەڕین بدات دەکرێتە ئامانج.