ئیسماعیل بەقایی: رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا هێشتا ئەگەرە و نەگەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران،  ئیسماعیل بەقایی و ئاژانسە فارسیەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران رەتی دەکاتەوە کە لەگەڵ ئەمریکا گەیشتبنە رێککەوتن و دەڵێت "ئەوەی دەربارەی رێککەوتن دەگوترێ ئەگەرە و پرسەکە نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی".

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێنج شەممە، ١١ حوزەیران ٢٠٢٦،  ئاشکرایکرد هێرشی چاوەڕوانکراوی ئەمشەوی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران رادەگرێت، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند "ئەگەر ئێران لە ژێر گوشار و هەڕەشەدا لە هێڵە سوورەکانی سازشی کردبا، پێش ساڵێک ئەو کارەی دەکرد".

لە هەمان کاتدا ئاژانسی هەواڵی فارس کە نزیکە لە سوپای پاسداران لەسەر زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی دانوستاندنکاری تارانەوە بڵاوی کردەوە "پێچەوانەی لێدوانەکانی ترەمپ، هیچ دەقێکی رێککەوتن لەنێوان تاران و واشنتن نەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و پەسند نەکراوە".

ئەو ئاژانسە باسی لەوەشکردوە ، دوو هەفتە لەمەوپێش دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان تاران و واشنتن گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی بۆ پەسندکردن، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا چەند خاڵێکی لێ زیاد کردووە و ئێرانیش رەتی کردووەتەوە واژۆی بکات.
 

ئەژانسی هەواڵی فارس ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژی چوارشەممەوە، شاندێکی قەتەر بۆ نێوەندگیری سەردانی تارانی کردووە و پاشەکشەی ئەمریکای لەو خاڵانە راگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپ زیادی کردبوون؛ ''واتا گەڕانەوە بۆ هەمان ئەو دەقە سەرەتاییەی کە هێشتا چاوەڕێی پەسندکردنی کۆتایی لە ئێران دەکرا''.

شەوی رابردوو (پێنج شەممە، ١٢حوزەیران ٢٠٢٦) دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسی ''لەبەر ئەوەی دانوستاندنـەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی ئێران و پەسەند کراون، وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێرش و بۆردوومانە پلانبۆدانراوەکانی ئەمشەوم بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندنەوە".

ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە رێککەوتنەکە رەزامەندیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەسەرە و ''دانوستاندنـەکان و خاڵەکانی کۆتایی، لە رووی بیرۆکە و وردەکاریی زۆرەوە، لەلایەن سەرجەم لایەنە بەشدارەکانەوە پەسەند کراون، لەنێویاندا ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، پاکستان، بەحرێن، کوێت، ئوردن، میسر و چەندین وڵاتی دیکە".

هەر دوای ئەو پۆستە ترەمپ لە ناو نووسینگەکەی قسەی بۆ رۆژنامەنووسەکان کرد و وتی "گەیشتونەتە رێککەوتنێکی گەورە سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئێران دوای کۆتاییهاتنی ئامادەکردنی بەڵگەنامەکان، کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو بن، ئەگەری زۆرە رێوڕەسمی واژۆکردنێک هەبێت، کە رەنگە لە ئەورووپا بێت".




AM:12:53:12/06/2026