ترەمپ: مەرجە ڕاگەیەندراوەکانی ئێران دوورن لە ڕاستی

 سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی هێرشی کردە سەر سەرکردایەتیی ئێران و ڕایگەیاند'' ئەو مەرجانەی تاران دەربارەی ڕێککەوتنی نێوانیان بڵاوی کردوونەتەوە دوورن لە ڕاستی". 

دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) بڵاویکردەوە'' ئەو مەرجانەی ئێران بۆ "میدیا ساختەکان" دزەی پێکردوون، هیچ پەیوەندییەکیان بەو مەرجانەوە نییە کە بە شێوەی نووسراو لەسەری ڕێککەوتوون.''

سەرۆکی ئەمریکا وەسفی بەرپرسانی ئێرانی کرد بەوەی کە "کەسانێکی زۆر بێوەفان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵدا" و جەختی کردەوە کە لەگەڵ ئەواندا شتێک نییە بە ناوی مامەڵەکردن بە نیازپاکی.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بە لایەنی سەربازیی گرژییەکان کرد و وتی" هێرشە درۆنییەکەی شەوی ڕابردووی ئێران بۆ سەر کەشتییە هیندییەکان لە کاتی چوونەدەریان لە گەرووی هورمز، کە بە تەواوی بەرپەرچ درایەوە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە." 

ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، کە ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی ئێرانی، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەیەوە، وردەکاریی ١٤ خاڵی ڕەشنووسی لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکای لەبارەی ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ بڵاوکردووەتەوە، کە ئێستا لەلایەن ترەمپەوە بە توندی ڕەت دەکرێتەوە.



PM:05:50:12/06/2026