فەرماندەیی ناوەندیی
هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان رێگرییان لە هێرشێکی درۆنیی ئێران
کردووە کە کەشتییە بازرگانییەکانی لە گەرووی هورمز کردبووە ئامانج و هەموو درۆنەکانیان
خستوونەتە خوارەوە.
رۆژی شەممە، ١٣ی
حوزەیران سێنتکۆم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئێران چەندین درۆنی بە
ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز تەقاندووە."
سێنتکۆم کە سەرپەرشتیی
ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات، ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا
لە چەند کاتژمێری رابردوودا ئەو درۆنانەی تێکشکاندووە.
بەپێی راپۆرتەکەی سێنتکۆم،
هێزەکانیان بە شێوەیەکی "توندوتۆڵ" لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر
ئێران بەردەوامن و لە ١٣ی نیسانەوە ئاراستەی ١٣٩ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، ٩ کەشتیشیان
لەکارخستووە کە پابەندی رێنماییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا نەبوون.