سەرۆک کۆماری سوریا، ئەو دەنگۆیانەی بە تەواوی ڕەت کردەوە کە باس لە دەستوەردانی سەربازیی سوریا لە ناوخۆی لوبنان و پڕۆسەی چەککردنی حزبوڵا دەکەن، و ڕایگەیاند'' ئەو قسانە دوورن لە ڕاستییەوە.''
ئەحمەد شەرع، لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ شاندێکی کەسایەتییەکانی گوندەواری دیمەشق ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا پرسی دیاریکردنی سنوورەکان لە پێشینەی کارەکانیاندا نییە و بە باشیان زانیوە دوایبخەن، بە تایبەت بەهۆی ئەو قەیرانە قورسە و ئاوارەبوونی نێوخۆییەی کە لوبنان بەخۆوەی دەبینێت، کە بە نزیکەی ملیۆن و نیوێک ئاوارە مەزەندە دەکرێت.
ئەم ڕوونکردنەوەیەی سەرۆکی سوریا دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی بەشداریی سوپای سوریا لە پرسی لوبناندا بە چڕی باسی لێوەکرا، بە تایبەتی دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (NBC News) ڕایگەیاند'' سوریا دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت لە ئاسانکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشی وردتر لە دژی حزبوڵا لە لوبنان، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی دیمەشق.''
ترەمپ لە قسەکانیدا ستایشی ئەحمەد شەرعی کرد و بە "سەرکردەیەکی زۆر باش" وەسفی کرد، و ئاماژەی بەوە دا کە شەرع دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا، لە ماوەیەکی کورتدا هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ هێنانەدی سەقامگیری لە سوریا، بۆیە ڕەنگە ئامادە بێت هاوکاریی هەوڵە ئەمنییەکانی ناوچەکە بکات.