سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند'' لە پرسی دانوستاندنەکانی وڵاتەکەیدا لەگەڵ ئەمریکا، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بنەمای سەرەکیی کارکردنیانە و هەر بڕیارێکیش لەلایەن عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پەسند بکرێت، دەبێت هەمووان پابەندی بن.''
مەسعود پزیشکیان، جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی ناوخۆیی و گوێڕایەڵی بۆ ویلایەتی فەقیهـ کردەوە و وتی'' تەنانەت ئەگەر ڕای تایبەتی خۆیشی جیاواز بێت، خۆی بە پابەند دەزانێت بە جێبەجێکردنی بڕیاری کۆتایی دەسەڵات، چونکە ڕێبەر لەسەر بنەمای دووربینی و بەرژەوەندیی گەل بڕیار دەدات، نەک لەژێر گوشاری تاقمە سیاسییەکاندا.''
ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە بڕیارە ستراتیژییەکان لەسەر بنەمای ژیری و هەڵسەنگاندنی ورد بن، و لە پاڵ پشتگیریکردنی هێزە چەکدارەکاندا، دەبێت هاوسەنگیی نێوان ئەرکەکان، دەرفەتەکان و تواناکانی وڵات لەبەرچاو بگیرێت.
پزیشکیان باسی لە دۆخی ناوچەکە کرد و وتی، گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە نیشانیان دا کە هیچ وڵاتێک زیاتر لە خۆیان خەمخۆری بەرژەوەندییەکانی ئێران نییە، بۆیە نابێت پشت بە هیچ لایەنێکی دەرەکی ببەستن.
سەرۆک کۆماری ئێران بەرگری لە مافی ڕەخنەگرتنی خەڵک کرد، بەڵام تۆمەتبارکردن و ناوزڕاندنی بەرپرسانی ڕەتکردەوە.