سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، چەند زانیارییەکی نوێی دەربارەی ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان واشنتن و تاران خستە ڕوو، و ڕایگەیاند'' ڕۆژی هەینی داهاتوو وردەکاریی تەواوی ڕێککەوتنەکە بڵاودەکرێتەوە.''
دۆناڵد ترەمپ، جەختی کردەوە کە تێپەڕینی کەشتییە بازرگانییەکان بە گەرووی هورمزدا بەبێ پێدانی هیچ باجێک دەبێت ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ لێدوانەکانی پێشووی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە وتبووی تێچووی خزمەتگوزاری لە کەشتییەکان وەردەگیرێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا کە ئێستا گەرووەکە بەشێکی کراوەتەوە و ڕۆژی هەینی بە تەواوی دەکرێتەوە.
ئاشکرای کرد کە ڕۆژی هەینی داهاتوو، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران بەشدار دەبێت، و وتیشی" ڕەنگە منیش خۆم بەشداری تێدا بکەم."
ترەمپ دووبارەی کردەوە کە ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و هیوای خواست کە پێوەندییەکانیان لەگەڵ تاران باش بێت و چیتر نەگەڕێنەوە بۆ دۆخی شەڕ.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند'' دەمانەوێت چارەسەرێک بۆ ئەوە ببینین کە لە لوبنان ڕوودەدات، و بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت لەگەڵ ئیسرائیل قسە بکەین."