عراقچی: هه‌ینی یه‌كه‌م گه‌ڕی دانوستانه‌كان ده‌ستپێده‌كات

 وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند'' ڕۆژی هەینی داهاتوو سەرۆکی شاندەکانی تاران و واشنتن لە جنێڤ کۆدەبنەوە بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن و دەستپێکردنی یەکەم گەڕی دانوستاندنەکان.''

عەباس عێراقچی، ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکتێگەیشتنەکە دۆخی وڵاتەکە بە ئەرێنی دەگۆڕێت، بەڵام تاران پڕۆسەکە لەسەر بنەمای "بێ متمانەیی" بە ئەمریکا دادەڕێژێت چونکە پێشینەی شکاندنی بەڵێنی هەیە.

هاوکات ڕێککەوتنەکە پابەندە بە کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە. دوای واژۆکردنی یاداشتەکەش، هەردوولا بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ دانوستاندنی بەردەوام دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

قسەکانی عێراقچی هاوکاتن لەگەڵ لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ کە ڕایگەیاندبوو ڕۆژی هەینی ڕێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت. لای خۆشییەوە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند، گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دوا دەخرێت تاوەکو ئەو کاتەی ئەمریکا تەواوی ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاداشتنامەکە جێبەجێ دەکات.



PM:11:48:15/06/2026