ترەمپ: ئەگەر ئێران هەوڵی چەکی ئەتۆمی بدات، دۆزەخی بەسەردا دەبارێت

سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ١٦ی حوزەیران، بەرگریی لە ڕێککەوتنەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ٤٠ ڕۆژە، دەکات و دەڵێت ئەم لێکتێگەیشتن نامەیە بە ڕوونی جەخت دەکاتەوە کە ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

دۆناڵد ترەمپ لە دیدارەکەیدا لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوت لە فەڕەنسا بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "تاکە شت کە بەڕاستی بۆ من گرنگە ئەوەیە کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی نەبێت، و ڕێککەوتنەکەش ئەمە بە دەنگێکی بەرز و ڕوون دەڵێت".

وتیشی: "ئەگەر حکومەتی ئێران نیازی دەستڕاگرتن بەسەر چەکی ئەتۆمیدا هەبێت، دۆزەخ بەسەر ئێراندا دەبارێت".

ترەمپ هەروەها وتیشی کە بۆ ئەمریکا، وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران گرنگییەکی «دەروونی» هەیە.

ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕوونی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە، هیچ پابەندبوونێکی بۆ وەبەرهێنان لە ئێراندا لەسەر نییە.

ئەو ڕێبەرە نوێیەکانی ئێرانی بە «بلیمەت‌تر» و «کەمتر توندڕەو» وەسف کرد و وتی ڕێبەرانی پێشوو کە «نامەنتیقی» بوون، نەماون. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ کاتێک سەرنجی لەسەر گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا نەبووە.

سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلیش وتی، ئەگەر ئەو نەبوایە ئێستا ئیسرائیل بوونی نەدەما و "لەسەر زەوی دەسڕایەوە".

ترەمپ پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ بە «زۆر کاریگەر» دانا، لە هەمان کاتدا سەبارەت بە لوبنان وتی کە پێشنیازی بە ئیسرائیل کردووە ڕووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵا بسپێرێت بە حکومەتی ئێستای سوریا و سەرۆک کۆماری ئێستای، ئەحمەد شەرع، چونکە بە وتەی ترەمپ، «هێرشەکانی ئیسرائیل زیان و قوربانییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە".




PM:02:51:16/06/2026