دەقی تەواوی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاودەکرێتەوە


ئاژانسی رۆیتەرز دەقی تەواوی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تارانی بڵاوکردەوە کە خۆی لە ١٤ خاڵدا دەبینێتەوە.

چوار شەممە، ١٧ حوزەیران ٢٠٢٦، بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز هەردوولا لەسەر کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە رێککەوتوون، ئەمریکا پابەند دەبێت بە ئازادکردنی داراییەکانی ئێران و دابینکردنی ٣٠٠ ملیار دۆلار بۆ بوژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە، لە بەرامبەردا ئێران گەرەنتی ئاسایشی کەشتیوانی دەدات و قۆناغی کۆتایی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان دەستپێدەکات.

دەقی ١٤ خاڵی ناو لێکتێگەیشتنەکەی ئەمریکا و ئێران:

١- راگرتنی شەڕ: کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان، هەردوولا بەڵێن دەدەن هیچ جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک دژی یەکتری ئەنجام نەدەن.

٢- سەروەریی خاک: هەردوو وڵات پابەند دەبن بە ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتری.

٣- وادەی دانوستان: هەردوولا ٦٠ ڕۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

٤- کشانەوەی ئەمریکا: واشنتن دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات و لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ دوای ڕێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران دەکێشێتەوە.

٥-  کەشتیوانی: ئێران لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا هەموو ئاستەنگە تەکنیکییەکان و مینە دەریاییەکان لادەبات تاوەکو هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بۆ دەریای عومان ئاسایی بێتەوە.

٦- ئاوەدانکردنەوەی ئێران: ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی پلانێکی گشتگیر بە بەهای کەمتر لە ٣٠٠ ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن.

٧-  هەڵگرتنی سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان (سەرەتایی، لاوەکی، بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی) بەپێی خشتەیەکی کاتی.

٨- بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت، چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پێداویستییە ئەتۆمییەکانی تاران لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.

٩- پاراستنی دۆخی ئێستا: تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئێران گۆڕانکاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات و ئەمریکاش سزای نوێ ناتەقێنێت و هێزی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.

١٠-  هەناردەی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ مۆڵەتی تایبەت دەردەکات بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی بفرۆشێت.

١١- ئازادکردنی داراییەکان: هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ هەر خەرجییەک کە وڵاتەکە بیەوێت.

١٢-  چاودێری: میکانیزمێکی کارگێڕی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە و پابەندبوونی هەردوولا دادەمەزرێت.

١٣-  مەرجی بەردەوامی: دوای دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی (٤، ٥، ١٠ و ١١، هەردوولا تەنیا لەسەر ئەو خاڵانەی ماونەتەوە دانوستان بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی دەکەن.

١٤- پەسندکردنی نێودەوڵەتی: ڕێککەوتنی کۆتایی دەبێت لە ڕێگای بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند بکرێت.





PM:09:52:17/06/2026