ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای واژۆکردنی ڕێککەوتن لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کاتی مامەڵەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆدا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ١.١٣٪ دابەزی و گەیشتە ٧٨.٦٥ دۆلار، و هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە ڕێژەی ١.٢٦٪ دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە ٧٥.٨٢ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هۆشداری توندی دایە تاران و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند'' ئەگەر ڕێککەوتنەکە پێشێل بکەن، بۆردوومانێکی سەختیان دەکەن چونکە ئەو دەیەوێت ڕێز لە ڕێککەوتنەکە بگرن.''
ترەمپ جەختیشی کردەوە کە ئەگەر تاران پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، ئەوا هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران دەستپێدەکەنەوە.