فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیاندراوێکی سەبارەت بە هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان لەسەر ئێران بڵاوکردەوە.
پێنج شەممە، ١٨ حوزەیران ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە "ئەمڕۆ، هێزەکانی ئەمریکا بەپێی رێنماییەکانی سەرۆک، گەمارۆی سەر سەرجەم هاتووچۆ دەریاییەکانیان هەڵگرت کە دەچنە ناو بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێرانەوە یان لێیانەوە دەردەچن".
"هێزەکانی ئەمریکا رێگری لە دەربازبوونی کەشتییەکان ناکەن بۆ بەندەرەکانی ئێران یان لێیانەوە لە کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عومان، سەرجەم هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆکە راگیراون"، سێنتکۆم وا دەڵێت.
لە بارەی چارەنووسی هێزەکانیشیان لە دوای هەڵگرتنی گەمارۆکە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە "کەشتییە جەنگییە مەزنەکانمان لە ناوچە گشتییەکەدا دەمێننەوە، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێن و بەتەواوی کاریان پێدەکرێت".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە (١٨ حوزەیران ٢٠٢٦)، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد.