بڕیاربوو ئەمڕۆ بەشێوەی فیزیکی شاندی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا لێکتێگەیشتنی نێوانیان واژۆ بکەن، بەڵام حکومەتی سویسرا ئەم بەیانییە رایگەیاند کۆبونەوە چاوڕوانکراوەکەی هەردوو وڵات دواخراوە و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات.
هەینی، ١٩ حوزەیران ٢٠٢٦، بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە پەیامێکدا کە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس (AFP) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند" ئەو دانوستاندنە پلان بۆداڕێژراوانەی کە بڕیار بوو لە نێوان ئەمریکا، ئێران، قەتەر و پاکستاندا بەڕێوەبچن، دواخراون، سویسرا بەردەوام لە ئامادەییدایە بۆ ئاسانکاریکردن لەم دانوستاندنانەدا"، بەڵام بەهیچ شێوەیەک باسی کاتی کۆبونەوەکە نەکراوە.
لەبارەی کۆبونەوەکەوە وتەبێژێکی کۆشکی سپی لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی رێککەوتەکە ئاماژەی بەوە کرد "پلانەکانی تایبەت بە دانوستاندنە تەکنیکییەکانی داهاتوو هێشتا کۆتاییان نەهاتووە، بەڵام شاندی ئەمریکا ئامادەیە لە یەکەم دەرفەتی گونجاودا بەڕێبکەوێت".
لای خۆشیەوە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئەمریکا بە "پەیمانشکێن" ناو دەبات و جەخت دەکاتەوە کە بە بێمتمانەیییەکی تەواوەوە چاودێریی رەوتی دانوستانەکان و جێبەجێکردنی بەرنامەکان دەکەن، وە ئەگەر هەر لادان و پێشێلکارییەک لە لایەن ئەمریکاوە رووبدات، بەپێی پلان و بەرنامەی پێشوەختەی داڕێژراو، وەڵامی هاوشێوە دەدەنەوە.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی لایەنی ئێرانی لە پرسی دانوستاندنەکاندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "ئەو ئەرکەی لەلایەن رێبەری باڵاوە بە ئێمە سپێردراوە، بەدواداچوونە بۆ بەدیهێنانی مەرج و بەندەکانی رێککەوتنەکە، لە ئەگەری نیشاندانی نیازی خراپ، پێشێلکردنی رێککەوتننامەکە و داواکاریی زێدەڕۆیانە لە لایەنی بەرامبەرەوە، ئێمە هیچ دوودڵ نابین لە وەشاندنی وەڵامێکی کوشندە و تێکشکێنەر بۆ سەر دووژمن".
بەرەبەیانی دوێنێ (پێنج شەممە، ١٨ حوزەیران ٢٠٢٦)، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد.