ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل گەرووی هورمزی داخستەوە

ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند'' لە وەڵامی هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان و پێشێلکردنی ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنەکان، دووبارە گەرووی هورمزی بە ڕووی هاتوچۆی دەریاییدا داخستووەتەوە.''

بەپێی زانیارییەکانی میدیا ئێرانییەکان، تاران دوابەدوای ئەم هەنگاوە جەختی کردووەتەوە کە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بێدەنگ نابێت و خۆی بۆ وەڵامدانەوەیەکی توند و کتوپڕی ئیسرائیل لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئامادە دەکات.

ئەم پێشهاتە مەترسیدارە تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ڕایگەیاندبوو کە بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نوێ، کۆتاییهاتنی جەنگ لە لوبنان و کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ سەقامگیری.

عێراقچی هۆشداری توندی دابوو کە هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە هەژمار دەکرێت؛ بۆیە لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئێران بڕیاری داخستنی گەرووی هورمزی دا کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە.

هاوکات، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سویسرا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتویه‌تی، ئەو دانوستاندنە پلانبۆداڕێژراوانەی کە بڕیار بو ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ بورگنبستۆک لە نێوان ئەمریکا، ئێران، قەتەر و پاکستاندا بەڕێوه‌بن هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌.

به‌رله‌وه‌ كۆشكی سپی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌شتی جه‌ی دی ڤانس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكای بۆ سویسرا راگه‌یاند، ئه‌وه‌ش به‌هۆی چه‌ند كێشه‌یه‌كی لۆجیستییه‌وه‌.



PM:04:47:19/06/2026