سەرەڕای رێککەوتننی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵای
لوبنان، سوپای ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر چەند شوێنێکی باشووری لوبنان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ئیسرائیل سێ هێرشی
ئاسمانی کردە سەر نەبەتیە ئەلفەوقا، ئەوەش دوای تەقەکردنی سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵای
لەیەکتر و تۆپبارانی گوندەکانی سەر بە نەبەتیە و حەبوش، مەیفەدون و نەبەتیە ئەلفەوقا
هات.
هەر ئەمڕۆ ئاژانسی وەتەنیەی فەرمی لوبنان رایگەیاند، فڕۆکە
ئیسرائیلییەکان گوندەکانی ئەلنەمیریە، شوکین، کفەرجوز و عەرەب سەلیمیان لە قەزای نەبەتیە
و هەروەها جەبەل ئەلڕەفیع لە ناحیەی جزین لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
بەپێی ئاژانسەکە لە نیوەشەوی رابردوو تا ئەمڕۆ بەیانی ئیسرائیل
هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە ١٢ شوێنی باشووری لوبنان، کە بەهۆیەوە سێ کەس لە
نەبەتیە کوژراون و هەروەها لە دێرزەهرانیش کەسێکی دیکە کوژرا، رۆژنامەکەی لوابنان
ئاماژەی بە کوژرانی کەسێکی دیکەش لە رۆژهەڵاتی شاری دویر کرد.
ئەمەش دوای ئەوە هات، دوێنێ هەینی دوو سەرچاوەی حیزبوڵای
لوبنانی و بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئاگربەستەکەیان پشتڕاستکردەوە. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە
رایگەیاندبوو، "تا حیزبوڵا هێرش نەکاتە سەرمان، شەڕ روونادات"، ئاماژەی
بەوەشکرد، ئیسرائیل هێزەکانی لە باشووری لوبنان دەپارێزێت، کە رووبەرێکی نزیکەی ١٠
کیلۆمەتر بەدرێژایی سنوورەکانی داگیرکردووە.