تیمی دانوستانکاری ئێران بە سەرۆکایەتیی محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە، عەبدولناسر هیمەتی سەرۆکی بانکی ناوەندی و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەمنی و نەوتی، بە ناوی تیمی "میناب ١٦٨" گەیشتنە شاری زیوریخی سویسرا، بڕیاریشە سبەینێ بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان گفتوگۆکانیان لەگەڵ شاندی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەستپێبکەن.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی تیمی دانوستانکار ڕایگەیاند'' ئەم سەفەرە بۆ بەدواداچوونی بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەرە و بەهۆی ئەزموونی پێشوویان لە پێشێلکردنی بەڵێنەکان، بە جدی داوای پابەندبوون لە ئەمریکا دەکەن.''
هاوکات بەر لە گەشتی تیمەکە، ئێران وەک کارتێکی گوشار و لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، گەرووی هورمزی بەڕووی کەشتیەوانیدا داخستەوە، چونکە تاران ڕاگرتنی شەڕی لوبنان بە بەشێکی سەرەکی لە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ واشنتن دادەنێت.