ڤانس بۆ گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی گەیشتە سویسرا

جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە بەمەبەستی بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی گەیشتە سویسرا؛ دانوستاندنێک کە بڕیارە هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی سەر گەرووی هورمز و ئاگربەستی لەرزۆکی لوبنان بەڕێوە بچێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتی دا کە جەی دی ڤانس و هاوسەرەکەی لە بنکەی ئاسمانیی ئیمن (Emmen) لە سویسرا نیشتوونەتەوە. ئەو پێش جێهێشتنی واشنتۆن ڕایگەیاندبوو کە ئەم سەفەرە ئەگەر هەیە "دوو ڕۆژ گفتوگۆ" لەخۆ بگرێت.

ڤانس پێش سەرکەوتنی بۆ ناو فڕۆکەکە لە بنکەی ئەندرۆز لە مەریلاند وتی: "هیوادارین لە پرسی ئەتۆمی و لە بابەتی ئاگربەستی لوبناندا پێشکەوتن بەدەستبهێنین."

شاندە ئێرانییەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و بە بەشداریی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندی گەیشتوونەتە سویسرا. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "شاندەکەمان داوای جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لایەنی بەرامبەر دەکات."

لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان پێشتر لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ کردبوو، بەڵام ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران (خاتەمولئەنبیا) رایگەیاند، بەهۆی "پەیمانشکێنیی ئەمریکا" و "بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل"، گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتیوانیدا دادەخەن.

لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ هۆشداری دا و رایگەیاند، ئەگەر دانوستاندنەکان سەرکەوتوو نەبن، واشنتۆن باجی تایبەت بەسەر هاتوچۆی دەریایی لەو گەرووەدا دەسەپێنێت.

دانوستاندنەکان کە بڕیار بوو هەینی دەستپێبکەن، بەهۆی پێکدادانەکانی باشووری لوبنان دواخران. ئیسرائیل کوژرانی پێنج سەربازی خۆی راگەیاندووە و حیزبوڵاش دەڵێت: "بۆسەمان بۆ هێزەکانی ئیسرائیل ناوەتەوە کە ویستوویانە دزە بکەن."

سەرچاوە تەندروستییەکانی لوبنان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی کوژراوان لەو وڵاتە چوار هەزار کەسی تێپەڕاندووە. ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە حیزبوڵا دەڵێت، هێرشەکانی وەک وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دا لە مانگی ئازاری رابردوو.

بڕیارە دانوستاندنەکان بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بن. پاکستان و قەتەر وەک نێوەندگیر لە کۆبوونەوەکانی سویسرا بەشدارن، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو پرسانەی لە رێکەوتنی سەرەتاییدا بە هەڵپەسێردراوی مابوونەوە.




AM:09:06:21/06/2026