قالیباف: هیچ حیسابێک بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا ناکەین

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران ڕایگەیاند'' ئەوان هیچ حیسابێک بۆ هەڕەشەکانی ئەمریکا ناکەن،''

وتی''ئەگەر هەڕەشەکانیان کاریگەر بووایە نەدەگەیشتنە ئەم بێهیواییەی ئەمڕۆ". قالیباف هۆشداریشی دا کە هێزە چەکدارەکانیان لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی زیاتر.

ئەم وتانەی قالیباف وەک وەڵامێک بوو بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ڕایگەیاندبوو دەبێت ئێران هێزە بریکارەکانی لە لوبنان ڕابگرێت، ئەگەرنا ئەمریکا گورزێکی زۆر قورستر و توندتریان لێدەوەشێنێتەوە.

هاوکات ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران بڵاویانکردەوە، کە تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەیان لە سویسرا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو هەڕەشانە شوێنی کۆبوونەوەکەیان جێهێشتووە و لە ئێستادا خەریکی تاوتوێکردنی بژاردەی کشانەوەی یەکجارین لەو دانوستانانە.



PM:11:47:21/06/2026