ئیسماعیل بەقایی: ئازادین چۆن پارە ئازادکراوەکان خەرج بکەین

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئازادە لە فڕێدانی ئەو پارە بەستووانەی کە ئازاد دەکرێن، جەختی لەوە کردەوە کە هیچ سنوورێک بۆ بەکارهێنان یان میکانیزمی خەرجکردنیان نییە.

بەقایی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی "ئەو پارە بلۆککراوانەی ئێران کە ئازاد دەکرێن، بەتەواوی لە ژێر دەستی ئێمە دەبێت هیچ سنوورێکی بۆ چۆنیەتی خەرجکردنی دانانرێت" ئەمەش بە ئاماژەدانە بە پێشهاتەکانی ناو دۆسیە داراییەکانی پەیوەست بە رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "تێگەیشتنەکە لەسەر بنەمای رێزگرتن و پابەندبوون بە واقیعەوە دامەزراوە و هەر قسەیەکی خۆبەزلزانانە رێڕەوی رێککەوتنەکە تێکدەدات"، وتیشی "هیچ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە سویسرا نەکردووە، هەروەها هیچ پلانێکیش بۆ پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان کە بۆردومانکران، نییە".

ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ کەناڵی "پرێس تیڤی"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتیی دەرکردووە کە رێگە بە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران دەدات، ئەم بڕیارە بە فەرمی لە ماڵپەڕی (OFAC) فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، رێککەوتنی ئازادکردنی ١٢ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران چووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە، بڕیارە ئەم پارەیە بە دوو گوژمەی ٦ ملیار دۆلاریی رادەستی ئێران بکرێتەوە.




PM:01:52:23/06/2026