عومان و ئێران لە راگەیەندراوێکی
هاوبەشدا پشتگیریی خۆیان بۆ تێگەیشتنی ئیسلام ئابادی نێوان واشنتۆن و تاران دەربڕی
و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی تیمێکی کاری هاوبەش بۆ دیاریکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی
گەرووی هورمز و دیاریکردنی ئەو باج و تێچووانەی دەخرێنە سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی.
سێشەممە ٢٣ی حوزەیرانی
٢٠٢٦ عومان و ئێران راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا پشتگیریی خۆیان
بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران ناسراو بە "تێگەیشتنی ئیسلام
ئاباد" دەربڕی و رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی تیمێکی کاری هاوبەش بۆ دیاریکردنی
شێوازی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز و تێچووەکانی کەشتیوانی.
ئەم رێککەوتنە لە میانی
سەردانی شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان
و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە بۆ مەسقەت هات، کە تێیدا لەگەڵ سوڵتان هیسەم بن
تاریق و وەزیری دەرەوەی عومان کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەدا،
هەردوو وڵات جەختیان لە گرنگیی بەردەوامی گفتوگۆ و هەماهەنگی کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی
سەرکەوتووانەی رێککەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان، رێککەوتنە
لەسەر بەردەوامبوونی کارکردن لە رێگەی تیمێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دەرەوە،
بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی کەشتیوانی، دابینکردنی
خزمەتگوزارییەکان و دیاریکردنی ئەو تێچوو و باجانەی کە لە گەرووی هورمزدا دەخرێنە
سەر کەشتییەکان.
لە راگەیەندراوەکەدا
هاتووە، گەرووی هورمز وەک رێڕەوێکی ئاویی ئارام و کراوە بۆ کەشتیوانی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە،
بە مەرجێک رێز لە سەروەریی تەواوی هەردوو دەوڵەتی سەر گەرووەکە بگیریت. هەروەها هەردوولا
ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکە کەناراوەکانی ناوچەکە
و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و ئاسایشی دەریایی.