ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە'' محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە مەسقەتی پایتەختی عومان، پرسی ئەنجامدانی گفتوگۆی نێوان ئێران، وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و عێراقی سەبارەت بە "گەرووی هورمز" تاوتوێ کردووە.''
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم گفتوگۆیانەی ناوچەکە سەبارەت بە گەرووی هورمز ئاراستەیەکی سەربەخۆیان هەیە و جیاوازن لەو دانوستانانەی کە لە نێوان تاران و واشنتندا بەڕێوەدەچن.
هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمی عومان ڕایگەیاند'' سەرۆکوەزیرانی قەتەر و سوڵتانی عومان بە چڕی باسیان لە دۆسیەی نێوەندگیری نێوان واشنتن و تاران کردووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.''
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو نێوەندگیرەکان کۆتاییهاتنی گەڕی یەکەمی دانوستانی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێرانیان لە سویسرا ڕاگەیاند، کە تێیدا هەردوولا گەیشتوونەتە نەخشەڕێگەیەک بە مەبەستی واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا و بڕیاریشە لە ڕۆژانی داهاتوودا گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەردەوام بن.