وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا داوای لێپرسینەوە لەو وڵاتانە دەکات لەگەڵ ئەمەریکا بەشداری هێرشەکانی سەر ئێرانیان کردووە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی ٢٥ی حوزەیران ڕایگەیاند" دەبێت ئەو وڵاتانەی بەشداری هێرشەکانیان کردووە بۆ سەر ئێران، بەشداری بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵبگرن".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لێدوانەکەی سکرتێری گشتیی ناتۆی وەک "دانپێدانانێکی ئاشکرا" بە هاوکاری لە شەڕێکی نایاسایی و "تاوانی جەنگ" وەسف کرد.
ئەم کاردانەوەیە دوای ئەوە هات، مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاشکرای کرد کە لە کاتی ئۆپراسیۆنی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، فڕۆکە ئەمریکییەکان فڕۆکەخانەکانی ئیتاڵیا و ڕۆمانیایان بەکارهێناوە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەنها ڕێگەیان بە فڕۆکە لۆجستی و پشتیوانییەکان داوە و ئەو فڕۆکانە بەشدارییان لە چالاکییە هێرشبەرییەکاندا نەکردووە.