فرانك هۆگربیتس.. ئەو پسپۆرەی مشتومڕی زۆری لەسەرە
پسپۆرە هۆڵەندییە ناسراوەکە، فرانك هۆگربیتس، دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر هۆشداری دا لە ئەگەری ڕوودانی چالاکییەکی بەهێزی بوومەلەرزە، جارێکی تر گەڕایەوە ناو بازنەی گفتوگۆکان و، لە نوێترین لێدوانیدا هۆشداری دەدات لە "بارودۆخێکی فەلەکیی هەستیار" کە بە بۆچوونی ئەو بەهۆی ڕیزبوونی هەسارەکان و گۆشەی نزیکبوونەوەیان لە زەوی دروست بووە.
هۆگربیتس، کە سەرۆکی دەستەی "پشکنینی ئەندازەیی کۆمەڵەی خۆر"ـە، وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا شوێنی هەسارەکانی عەتارد، ئۆرانۆس و مەریخی دیاری کردووە و، پێیوایە ئەم ڕیزبەندییە فەلەکییانە ڕەنگە پەیوەندییان بە زیادبوونی چالاکیی بوومەلەرزەوە هەبێت.
ئەم هۆشدارییەی هۆگربیتس تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ڕوودانی دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە فەنزوێلا هات، ئەمەش مشتومڕەکانی پێشبینییەکانی لەسەر ئەم پسپۆرە نوێکردەوە کە سەرەڕای ڕەتکردنەوەیان لەلایەن ناوەندە زانستییەکانەوە، بایەخێکی زۆریان پێ دەدرێت.
ئەم لێکۆڵەرە هۆڵەندییە پشت بە تیۆرییەک دەبەستێت کە بە "ئەندازەی هەسارەکان" ناسراوە، بەڵام زانایانی جیۆلۆجی و بوومەلەرزەزانی جەخت دەکەنەوە کە ئەم تیۆرییە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە. زانایان پێداگری دەکەن کە هیچ بەڵگەیەک نییە پەیوەندی لە نێوان جوڵەی هەسارەکان و ڕوودانی بوومەلەرزە لەسەر زەوی دروست بکات و. دەڵێن؛ پێشبینیکردنی وردی کات و شوێنی بوومەلەرزە تا ئێستاش لە ڕووی زانستییەوە مەحاڵە.
هۆگربیتس دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی ساڵی ٢٠٢٣ی تورکیا ناوبانگێکی جیهانی پەیدا کرد، کاتێک بانگەشەی ئەوەی کرد کە چەند ڕۆژێک پێش ڕووداوەکە پێشبینی کردووەو، لەو کاتەوە بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی پێشبینی و هۆشدارییەکانی، سەرەڕای ئەو ڕەخنە توندانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە.
لە فەنزوێلا، ئەو دوو بوومەلەرزەیەی کە گوڕەکەیان ٧.٢ و ٧.٥ پلە بوو بەپێی پێوەری ڕێختەر، بەپێی ئامارە سەرەتایییەکان بوونە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس و برینداربوونی نزیکەی هەزار کەسی دیکە. هەروەها زیانێکی زۆریان گەیاندووە و بوونەتە هۆی ڕووخانی چەندین باڵەخانە لە "کاراکاس"ـی پایتەخت، ئەمەش وای کرد دەسەڵاتداران باری نائاسایی ڕابگەیەنن، فڕۆکەخانەی پایتەخت دابخەن و خوێندن لە چەند ویلایەتێکدا ڕابگرن.
هۆشداریدەدرێت لە روودانی تسونامی لە زەریای هێمن و، داوا لە خەڵک دەکرێت خۆبپارێزن لە هەندێک ناوچەی دەریای کاریبی دووربکەونەوە، بەڵام دواتر و دوای هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان، دەسەڵاتدارانی ناوچەکە هەندێک لەو هۆشدارییانەی هەڵگرت.