بە نێوەندگیریی ئەمریکا، ئیسرائیل و لوبنان رێکەوتنێکیان
واژۆ کرد کە بەو پێیە سوپای ئیسرائیل لە ناوچە دیاریکراوەکان دەکشێتەوە و سوپای
لوبنان جێگەی دەگرێتەوە، هاوکات هەردوولا لەسەر نەهێشتنی هەژموونی ئێران و چەککردنی
حیزبوڵا رێککەوتوون.
هەینی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦،لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا، نوێنەرانی لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێکەوتنێکی چوارچێوەیی سێقۆڵییان واژۆ کرد. ئامانجی سەرەکیی
ئەم رێککەوتنە داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکە کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی واژۆکردنی رێکەوتننامەیەکی
گشتگیری ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە سەرپەرشتیی رێوڕەسمی
واژۆکردنی رێککەوتنەکەی دەکرد، رایگەیاند: "ئێمە زۆر دڵخۆشین کە گەیشتن بە رێکەوتنێکی
چوارچێوەیی لە نێوان حکوومەتی سەروەری لوبنان و حکومەتی ئیسرائیلدا رادەگەیەنین، کە
بە نێوەندگیری و پاڵپشتیی تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دراوە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم رێکەوتنە
"دەستپێکی داڕشتنی چوارچێوەیەکە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە
ناوچەکەدا."
باڵیۆزی لوبنان لە واشنتۆن لە کاتی واژۆ کردن رایگەیاند: کۆبوونەوەکان
درێژخانەین و چڕوپڕ بوون، سوپاسی لایەنی میواندار دەکەین. باڵیۆزی ئیسرائیل لە
واشنتۆن وتی: ئێران و بریکارەکانی خوازیاری وێرانکارین، لە کاتێکدا ئەوان دەیانەوێت
ئاشتییەکی راستەقینە لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا بێننە ئاراوە.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی رێکەوتنەکە، سوپای لوبنان دەچێتە ناو دوو
ناوچە، دوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو دوو ناوچەیە. هەردوولا رێککەوتوون لەسەر
چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی تواناکانی حیزبوڵای لوبنانی. گفتوگۆییەکانیش لەسەر سنوورە
وشکانییەکان بەردەوام دەبن، هەروەها ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەمێنێتەوە تا ئەو
کاتەی حیزبوڵا چەک دەکرێت. هەروەها ئامانجی هەردوولا نەهێشتنی هەژموونی ئێرانە بەسەر
لوبنانەوە.