بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا
رایگەیاند، رێکەوتنە چوارچێوەییەکەی نێوان وڵاتەکەی و لوبنان گورزێکی گەورەیە بۆ ئێران
و جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو حیزبوڵا چەک نەکرێت، هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری
لوبنان دەمێننەوە.
نەتانیاهو ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا دوو لەو ناوچانەی داگیریان
کردووە، چۆڵ دەکەن بۆ ئەوەی سوپای لوبنانی لێ بڵاو بکرێتەوە. بەڵام وتی: "ئێمە
بەردەوام پارێزگاری لە ناوچە ئەمنییە رەسەنەکەمان دەکەین."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "لەگەڵ لوبنان چوارچێوەیەکمان
بۆ کارکردن واژۆ کردووە کە ئامانج لێی گەیشتنە بە رێکەوتن لە داهاتوودا."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ناوچە فراوانەی
کە سوپای ئیسرائیل داگیری کردووە، وتی: "ئیسرائیل لە ناوچە ئارامەکەی باشووری
لوبنان دەمێنێتەوە، ئەمە دەستکەوتێکی مەزنە و تاوەکو حیزبوڵا چەک نەکرێت، ئێمە دەیپارێزین."
ئێوارەی رۆژی هەینی، لوبنان و ئیسرائیل "رێکەوتنێکی
چوارچێوەیی"ـیان واژۆ کرد، ئەوەش دوای ٤ رۆژ لە دانوستاندن کە لە واشنتن بە
چاودێریی ئەمریکا بەڕێوەچوو. ئەمە وەک یەکەم پێشکەوتنی گەورە لە پرۆسەی جێبەجێکردنی
ئاگربەستی نێوان هەردوولا سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵدەدات ئارامییەکە جێگیر
بکات و رێکارەکانی جێبەجێکردنی خێراتر بکات.