مەراسیمی بە خاک سپاردنی خامنەیی دەست پێدەکات و بەرپرسانی هەرێمیش ئامادە دەبن


ئەم بەیانییە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران گەیەندرایە موسەڵای گەورەی تاران و بڕیارە بەبەشداری ژمارەیەک لە کەسایەتی و سەرکردە مەراسیمی بەخاکسپاردنی دەست پێبکات کە ٦ رۆژ دەخایەنێت.

هەینی، ٣ تەمووز ٢٠٢٦، ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە کە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانکاری ئەو وڵاتە، داوای لە خەڵکی ئێران کردووە بەشدارییەکی ملیۆنی بکەن و رایگەیاندووە "پێویستە دەنگی نەتەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە گوێی هەموو جیهاندا دەنگ بداتەوە".

ئەم بەیاننیە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ڕیوڕەسمەکە گەیشتە تاران، لە راگەیاندراوێکدا نوسینگەی سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە کە "ئەم سەردانەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەشداریکردنە لە رێوڕەسمی فەرمیی بەخاکسپاردنی رێبەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خوالێخۆشبوو ئایه‌توڵڵا عوزما عەلی خامنەیی". 

نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی، گەیشتنە تاران.

 لەلایەکی دیکەوە، وڵاتی پاکستان کە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان تاران و واشنتن رۆڵ دەگێڕێت، رایگەیاندووە کە شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بەشداری رێوڕەسمەکە دەکات، هەروەها وڵاتانی چین، ئەفغانستان و دراوسێکانی ئێران لە ناوچەی قەوقاز ئاماژەیان بەوە کردووە کە نوێنەری تایبەتی خۆیان دەنێرن.

عەلی خامنەیی لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا، لە ئەنجامی بۆردومانێکی چڕ بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناوەڕاستی تاران لە رۆژی ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ کوژرا، کە دواتر موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک جێگرەوەی ئەو هەڵبژێردرا، بڕیارە تەرمەکەی بۆ ماوەی  ٣رۆژ لە مزگەوتی تاران بمێنێتەوە و دواتر رێوڕەسمی کۆتایی بە خاکسپاردنی بۆ ئەنجام بدرێت.




AM:09:31:03/07/2026