سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان،
لە وتارێکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی ئاهەنگەکانی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند،
کۆماری ئیسلامیی ئێران بێئارامانە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی
سیاسی لەگەڵ واشنتۆن. ئاشکراشی کرد کە بەهۆی "میهرەبانی و باشی" ئەمریکاوە،
مۆڵەتی یەک هەفتەیان بە تاران داوە بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەکان و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی
پرسە و ماتەمینی.
دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانەکانیدا
تیشکی خستە سەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و ڕایگەیاند: "ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ
ڤەنزوێلا لە یەک ڕۆژدا یەکلا کردەوە و گورزی زۆر قورسیشمان وەشاندووەتە ئێران."
لە بەشێکی دیکەی
وتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی توندی دا لە گەڕانەوەی مەترسیی کۆمۆنیزم بۆ
ناوخۆی وڵاتەکەی دوای دەیان ساڵ لە یەکلابوونەوەی جەنگی سارد، و وتی: "ناسنامەی
ئەمریکی ڕووبەڕووی هێرشێکی نوێ بووەتەوە، ئەو کەسانەی تازە دێنە ئەمریکاوە هەڵگری
بیری کۆمۆنیستین کە بەتەواوی دژ بە شێوازی ژیان و سەرکەوتنە ئابوورییەکانمانە."
ئاماژەی بەوەش کرد کە ناکۆکییەکان تەنیا سیاسی نین لەسەر باج و ڕێنماییەکان، بەڵکو
ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چارەنووسسازە لەگەڵ کۆمۆنیزم کە هەڕەشەیەکی کوشندەیە بۆ سەر
ئازادی.
سەبارەت بە دۆخی
ناوخۆیی و ململانێی پارتەکان، ترەمپ هێرشی کردە سەر پارتی دیموکراتەکان و هۆشداری
دا: "ئەگەر دیموکراتەکان بگەڕێنەوە دەسەڵات، پلانیان هەیە گۆڕانکاریی وا بکەن
کە کۆتایی بە هەلی سەرکەوتنی کۆمارییەکان بهێنێت لە هەر هەڵبژاردنێکی داهاتوودا."
لە کۆتاییدا، ترەمپ
ستایشی پێگەی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند کە "سەردەمی زێڕین"ـی ویلایەتە یەکگرتووەکان
لەسەر خاڵی دەستپێکە، وتیشی: "هیچ وڵاتێک لە جیهاندا هێندەی ئەمریکا خێر و بەشداریی
ئەرێنی بۆ مرۆڤایەتی پێشکەش نەکردووە، ئەوەی ئێمە لە ناوخۆی وڵاتەکەماندا دروستمان
کردووە نموونەیەکی باو نییە لە جیهاندا، بەڵکوو ئیستسنایەکی کەم وێنەیە."