بەپێی هەواڵێکی کەناڵی ئەلعەرەبیە کە لە چەند سەرچاوەیەکەوە زانیاری وەرگرتوە بڵاویکردوەتەوە کە ١١ ئەم مانگە لە ئیسلام ئاباد خولێکی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەست پێدەکات.
شەممە، ٤ تەمووز ٢٠٢٦، لە هەواڵەکەی ئەلعەرەبیەدا هاتووە " پاکستان لە ١١ی ئەم مانگەدا، میوانداری خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان دەستپێکردنەوەی رێڕەوی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولایە".
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوە " لە خولی ئەمجارەدا سێ دۆسیەی سەرەکی تاوتوێ دەکرێن، کە بریتین لە: سزاکانی ئەمریکا بەسەر تاراندا، پارە بلۆککراوەکان و دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران".
سەبارەت بە شاندەکان باس لەوە کراوە کە "ئاستی نوێنەرایەتیی شاندی ئێرانی لەم دانوستانەدا هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، یەکلایی دەکرێتەوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەم خولەی دانوستان دوای چەندین مانگ لە پەیوەندیی ناڕاستەوخۆی نێوان واشنتن و تاران دێت، کە تەوەرەکەی چڕببووەوە لەسەر کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و زیندووکردنەوەی پرۆسەی دانوستان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی، لە کاتێکدا کە ناکۆکییەکان لەسەر هەڵگرتنی سزاکان و ئەو گرەنتییانەی کە هەردوولا داوای دەکەن، بەردەوامن.