لە بوومەلەرزەکەی ڤەنزوێلا ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتە نزیکەی ٣ هەزار کەس

بەرپرسانی ڤەنزوێلا ڕایانگەیاند'' ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو دوو بوومەلەرزە وێرانکەرەی وڵاتەکەیان گرتەوە بۆ ٢ هەزار و ٩٥٤ کەس بەرزبووەوە.'' لە کاتێکدا هەزاران کەسی دیکەش هێشتا بێسەروشوێنن و زیاتر لە ١٦ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تەنها لە دوێنێ هەینییەوە ژمارەی قوربانییان بە ڕێژەی زیاتر لە ٣٠٠ کەس زیادی کردووە، ئەم کارەساتە جیۆلۆجییە کە لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا بە گوڕی ٧.٢ و ٧.٥ پلە ڕوویدا، زیاتر لە ١٦ هەزار هاووڵاتی بێماڵوحاڵ کردووە و بووەتە هۆی ڕووخانی تەواوەتیی ١٩٠ باڵەخانە، کە زۆربەیان دەکەونە ناوچەی کەناریی (لا گوایرا) لە باکووری کاراکاسی پایتەخت، بەمەش وەک یەکێک لە خراپترین بوومەلەرزەکانی مێژووی ئەمریکای لاتین تۆمار کرا.

ئێستا دوای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر کارەساتەکەدا، تیمەکانی فریاگوزاری دەستیان کردووە بە کۆتاییهێنان بە کارەکانی گەڕان بەدوای ڕزگاربوواندا، چونکە ماوەی زێڕینی فریاکەوتن کە ٧٢ کاتژمێرە کۆتایی هاتووە، لە ئێستاشدا خێزانەکان خۆیان هەوڵدەدەن تەرمی کەسوکاریان لەژێر داروپەردووەکاندا دەربهێننەوە، هەرچەندە لەم هەفتەیەدا بە شێوەیەکی پەرجووئامێز (موعجیزە) چەند ڕزگاربوویەک بە زیندوویی دۆزرانەوە.



PM:11:34:04/07/2026