قالیباف: لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا قورسە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند'' جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە نوێیەکە لەگەڵ ئەمریکا کارێکی قورسە بەڵام ئەگەری هەیە.'' و جەختیشی کردەوە کە پێویستە ڕێگەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئامادەیی بەرگریدا تێکەڵ بکرێت بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی دەستکەوتەکان.

قالیباف لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس ئاماژەی بەوە کرد، لایەنی ئێرانی لە کاتی دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا جەختی لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕ دژی لایەنەکانی بەرەی بەرگری کردووەتەوە و ئەم بڕگەیەش لە دەقی لێکتێگەیشتنەکەدا جێگیر کراوە.

هاوکات ڕوونیشیکردەوە کە هیچ ئاشتییەک لە نێوان ئێران و ئەمریکادا نییە و دان بە ئیسرائیلیشدا نانێن، چونکە حکومەتە ئیسلامییەکان ئێستا درکیان بەوە کردووە کە هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل گەرەنتیی ئاسایشیان ناکات.

ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە لە کاتێکدا دێت کە کاربەده‌ستانی ئێران بەرنامەی ڕێوڕەسمی پرسە و ناشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆچکردووی ئەو وڵاتەیان ڕاگەیاندووە کە لە ٤ تا ٩ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، بە شێوەیەک کە مەڕاسیمەکان لە تاران و قوم دەستپێدەکەن و لە ٨ی تەممووز دەگوازرێنەوە بۆ نەجەف و کەربەلا لە عێراق، و لە کۆتاییدا لە ٩ی تەممووزی ٢٠٢٦ تەرمەکەی لە شاری مەشهەد بە خاک دەسپێردرێت.



PM:08:37:05/07/2026