فەرماندەی گشتیی سوپای ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی تەممووزی ٢٠٢٦، لە کاتی بەسەرکردنەوەی هێزەکانیان لە قەڵای مێژوویی (بوفۆرت) لە باشووری لوبنان ڕایگەیاند'' هێزەکانیان بە بڕیارێکی توندەوە بەردەوام دەبن لە کەمپەینی سەربازیی دژی حزبوڵڵا و هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەست بە خێرایی و بە هێرشی پێچەوانە وەڵام دەدەنەوە.''
ئەیال زامیر، لە میانی سەردانەکەیدا ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئەمنیی ئەم دواییە کرد کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا واژۆ کراوە و وتی'' چالاکییەکانی هێزەکانمان لە بەرزاییەکانی بوفۆرت و سەرانسەری باشووری لوبنان، بەپێی چوارچێوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئامادەین بە خێرایی بگۆڕدرێین بۆ هێزی هێرشبەر ئەگەر ئاگربەستەکە پێشێل بکرێت."
هۆشداریشی دا کە هەر هەڕەشەیەک ئاڕاستەی هێزەکانیان یان هاووڵاتییانی ئیسرائیل بکرێت، دەستبەجێ لەناودەبرێت، و داواشی لە سوپای نیشتمانیی لوبنان کرد کە ناوچەکە لە چەکدارانی حزبوڵڵا پاک بکاتەوە.
ئەم بەسەرکردنەوەیەی فەرماندەی سوپای ئیسرائیل دوای ئەوە دێت کە سوپای ئەو وڵاتە لەم دواییانەدا دەستی بەسەر قەڵای بوفۆرتدا گرتەوە و ڕایگەیاند'' تۆڕێکی فراوانی ژێرزەمینیی تونێلیان لە ژێر قەڵاکەدا دۆزیوەتەوە کە حزبوڵڵا وەک بنکەیەکی سەربازی بەکاریهێناوە.''