سەرۆکی نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی حەماس، ئیسماعیل سەوابتە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرای دەکات کە حکومەتەکەیان دەست لە کار دەکێشێتەوە و دەسەڵاتی کارگێڕی دەدەنە "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوبردنی غەزە".
دوو شەممە، ٦ تەمووز ٢٠٢٦، ئیسماعیل سەوابتە، س سەرۆکی نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی حەماس رایگەیاند "محەممەد فەڕا، سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاریی حکومەت بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێش کردووە، هەروەها بڕیاریداوە لیژنەکە هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکات بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی کارگێڕی و حکومی بۆ لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەزە".
سەرۆکی نووسینگەی راگەیاندنی حەماس لە غەزە باسی لەوەشکردوە کە درەنگانی رۆژی دوو شەممە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوای "گرنگ" لەو بارەیەوە ئەنجام دەدەن، بەرپرسێکی دیکەی بزووتنەوەکە رایگەیاند کە ئەوان پێشتر لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەی قاهیرەدا، لایەنە فەلەستینییەکانی دیکەیان لەم بڕیارە ئاگادار کردووەتەوە و لایەنەکانیش وەک هەنگاوێکی جددی بۆ دەستبەکاربوونی لیژنەی نیشتمانی پێشوازییان لێکردووە.
ئەم لیژنە نوێیە، لەلایەن "دەستەی ئاشتی"ـیەوە پێکهێندراوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دروستیکرد، ئەوەش کاتێک لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ـدا نێوەندگیریی رێککەوتنی ئاگربەستی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کرد.
بزووتنەوەی حەماس، لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە و دوای دەرکردنی بزووتنەوەی فەتح، کۆنتڕۆڵی تەواوی کەرتی غەزەی کردوە.