لوتکەی ناتۆ.. ترەمپ فشار دەکات و ئەردۆغان مەرجی هەیە

ئەنقەڕەی پایتەختی تورکیا میوانداریی لووتکەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی ناتۆ دەکات کە تێیدا کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری ناوچەیی و جیهانی تاووتوێ دەکرێن لە سەرووشیانەوە پرسی خەرجییە سەربازییەکان و ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئۆکرانیا کە ململانێی توند لەسەر چۆنیەتی بڕیاردان لەسەریان هەیە.

لە دۆسیەی خەرجییە بەرگرییەکاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فشار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بۆ ڕێژەی پێنج لەسەدا تا ساڵی دوو هەزار و سی و پێنج و هاوکات پرسی ئاسایشی گەرووی هورمز و پاراستنی ڕێڕەوی دەریاوانی و دەستپێشخەرییە ئەوروپییەکان بۆ پووچەڵکردنەوەی مین لەو ناوچەیەدا تەوەری سەرەکی دەبن.

هەروەها، لووتکەکە پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا لە ڕێگەی کۆبوونەوەی ترەمپ و زێلێنسکی تاووتوێ دەکات و لە پاڵ ئەوەشدا ئایندەی سووریا و ئاوەدانکردنەوەی لە ڕێگەی دیداری ترەمپ و ئەحمەد شەراع سەرۆکی نوێی سووریا دەخرێتە بەرباس لەگەڵ لێکۆڵینەوە لە لێکەوتەکانی جەنگی ئەم دواییەی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتی وزە لە ناوچەی کەنداو.

لای خۆشیانەوە ئەوروپییەکان نیگەرانن لە ئەگەری کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کیشوەری ئەوروپا و لە بەرامبەریشدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا فشار دەکات بۆ لادانی کۆتوبەندەکانی سەر بازرگانیی چەک و دەیەوێت بەرزبوونەوەی بودجەی ناتۆ بۆ ناساندنی چەکە ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی بەکاربهێنێت و تورکیا بگەڕێنێتەوە بۆ بەرنامەی فڕۆکەی جەنگیی ئێف سی و پێنج.



PM:07:48:06/07/2026