سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە ئەمریکا کرد کە فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی F-35 و پارچە یەدەگە سەربازییەکانی بە تورکیا نەفرۆشێت، چونکە بە وتەی ئەو، ئەم هەنگاوە "هاوسەنگیی هێز" لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکدەدات.
بینیامین ناتەنیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی (فۆکس نیوز) هۆشداریی دا کە نابێت واشنتۆن بە بەخشینی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازی، خەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بکات کە "بە ئاشکرا داوای لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات." و وتیشی'' ئەم کارە باڵادەستیی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئامادەیی و هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسییەوە."
ئەم لێدوانە توندەی ناتەنیاهۆ لە کاتێکدایە کە بڕیارە دۆناڵد ترەمپ بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ سەردانی ئەنقەرە بکات و تورکیاش ئەمە بە دەرفەتێک دەبینێت بۆ کڕینی دەیان بزوێنەری فڕۆکەی جەنگی لە جۆری (جەنەراڵ ئەلیکتریک) بە بەهای زیاتر لە ٧٠٠ ملیۆن دۆلار، کە بڕیارە وەک هێزی بزوێنەری فڕۆکەی جەنگیی نوێی تورکی "قائان" بەکاربهێنرێن.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئیدارەی ترەمپ وێڕای دژایەتیی کۆنگرێس، خەریکی پێشخستنی ئەم گرێبەستەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگەیەنرێتە قۆناغی کۆتایی.