سەرۆکی ئەمەریکا لە تورکیاوە رایگەیاند " شەوی ڕابردوو هێرشمان کردە سەر دوورگەی خارگ، ڕەنگە دووبارە گەمارۆ بخەینە سەر بەندەرەکانی ئێران و، ئەگەری هەیە ئەمشەو هێرشێکی نوێ بکەینە سەر ئێران".
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رۆژی چوار شەممە ٨ ی تەموز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند" ڕەنگە گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران دووبارە بسەپێنێتەوە" ئەمەش هەنگاوێکە کە وەک داڕمانی زیاتری ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دەبینرێت کە مانگی ڕابردوو لە نێوان واشنتن و تاران واژۆ کرا.
ترەمپ دانی بەوەدا نا کە ئەگەری هەیە ئێران بە چاندنی مین لە گەرووی هورمز وەڵامی ئەم هەنگاوە بداتەوە.
بەگوێرەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە، ئەمریکا ڕەزامەندی دابوو لەسەر لادانی ئەو گەمارۆیەی لە کاتی شەڕدا سەپاندبووی، دوای ئەوەی ئێران گەرووی هورمزی داخستبوو.
کاتێک دووبارە پرسیاری لێکرایەوە کە ئایا ئەمریکا ئەمشەو هێرشێکی دیکە دەکاتە سەر ئێران، وتی" بە ئەگەری زۆرەوە گڵۆپی سەوز هەڵدەکەم" و ئاماژەی بەوەش کرد کە لاری نییە لەوەی بە ئاشکرا ئەمە ڕابگەیەنێت، چونکە "هیچ شتێک نییە کە بتوانن لەو بارەیەوە بیکەن، هێرش نەبێت."
هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا تا ئێستا خۆی بەدوور گرتووە لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی لە ئێران، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر پێویست بکات ڕەنگە ڕەزامەندی لەسەر بەئامانجگرتنی ئەوانیش بدات.
ترەمپ وتیشی " ئەمریکا لە هێرشەکەی شەوی ڕابردوودا دوورگەی "خارگ"یشی کردووەتە ئامانج، بەڵام خۆی لە بۆردومانکردنی دامەزراوە نەوتییەکان پاراستووە".
ترەمپ وتیشی "ڕەنگە کۆنترۆڵی دوورگەی خارگ بکەین. ئەگەری هەیە هێرشێکی گەورە بکەین و زۆر شت لەناو بەرین."
هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران داوای "مۆڵەت"ی کردووە لە دانوستانەکاندا بۆ ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆچکردووی ئێران و، وتیشی: "داوایان لێکردین لە کاتی پرسەکەدا نەیانکوژین."