هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی دژی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆسەر باشووری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بەجیا پەیامیان دژی ئەمریکا بڵاوکردەوە.
چوار شەممە، ٨ تەمووز ٢٠٢٦، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند "قسەکردن لەسەر گەلی شارستانی و ئازای ئێران بە زمانی سووکایەتی پێکردن، لە گەورەیی و شکۆی ئەم گەلە کەم ناکاتەوە، ئێمە وەڵامی بێڕێزی و زمانی نەشیاو بە هەمان شێواز نادەینەوە، بەڵکو وەڵامی ئێمە بە کردار دەبێت؛ بە کردارێکی بێباکانە و بە ئازایەتییەکی مەزنەوە".
لای خۆشیەوە ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران "یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای متمانە نەبووە، بەڵکوو لەسەر بنەمای میکانیزمێکی روونی پابەندبوون بەرامبەر بە پابەندبوون رێکخراو بووە؛ هەربۆیە هیچ ئاماژەیەکی نیازپاکی لە رەفتارەکانی لایەنی بەرامبەردا نەبووە".
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە وتوشیەتی "ئێستاش، سەرەڕای بەندی پێنجەمی ئەم یاداشتنامەیە، کە جەخت لە بەرپرسیارێتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکاتەوە بۆ دیاریکردنی رێکارەکانی بە سەلامەتی تێپەڕبوونی کەشتیەکان لە گەرووی هورمزەوە، کەچی ئەمریکا پەلکێشی نێو سەرکێشی کردووە و بە کردەیی ئەم ماددەیە و یاداشتی لێکتێگەیشنی پێشێلکردووە بە کردەوە تاکلایەنەکانی و هێرشە شەڕانگێزەکانی دژی ئێران".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمریکا هێرشیکردە سەر هەردوو بەندەری بوشەهر و بەندەر عەباس لە باشووری ئێران و ئێرانیش هێرشیکردە سەر بارەگاکانی ئەمریکا لە بەحرەین و کوەیت.