جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جەی دی ڤانس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە هێرشکردنە سەر ئێران و یاداشتەکەیانی لەگەڵ ئەو وڵاتە کرد و دەڵێت " رێککەوتنەکە زۆر سادەیە؛ ئەگەر هێرش بکەنە سەر کەشتییەکان، تێکیان دەشکێنین. ئەوە زۆر سادەیە و شێوازی کارکردنی بنەڕەتیی ئێمە بەو جۆرەیە".
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوار شەممە، ٨ تەمووز ٢٠٢٦، رایگەیاند "سوپای وڵاتەکەمان پێش دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدا بوون، ئێمە بە بەرزترین ئاستی گوشار و هێزەوە چووینە نێو ئەم دۆخە؛ بەرنامە ئەتۆمییەکەیان تێکشکێندرا و سوپا تەقلیدییەکەشیان راماڵرا، تاران تەنیا بۆ ماوەی یەک هەفتە پابەندی رێککەوتنەکە بووە و رەفتاری باش بووە، بەڵام لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا دووبارە دەستی بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان کردووەتەوە".
"هەندێک کەس لەناو سیستمی دەسەڵاتداریی ئێراندا خوازیاری گۆڕینی پەیوەندییەکان بوون لەگەڵمان بۆیە سەرۆک ترەمپ بڕیاری دا دەرفەتێک بە دیپلۆماسی بدات تاوەکو بزانێت ئایا کەسانی ژیرەو سیستمەدا دەتوانن جڵەوی کارەکان لە کەسانی شێت وەربگرن یان نا"، جێگری سەرۆکی ئەمریکا وا دەڵێت.
ڤانس وردەکاریی ئەو رێککەوتنەی ئاشکرا کرد کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لەسەری پێکهاتبوون و وتی "ئەو رێککەوتنە بنەڕەتییەی کە ئەنجامماندا زۆر روون بوو؛ ئێمە گەمارۆی سەر وڵاتەکەتان لادەبەین ئەگەر ئێوە هێرشەکانتان بۆ سەر کەشتییەکان رابگرن، بەڵام هێرش بکەنە سەر کەشتییەکان، بە تووندی وەڵام دەدەینەوە و زۆر بەهێزتر لە هەموو کاتێک گورزتان لێ دەوەشێنین".
سەبارەی بە گەرووی هورمز جەی دی فانس دەڵێت"سەرۆک ترەمپ پەیامێکی زۆر روونی بۆ تاران ناردووە کە دەبێت ئەو رێڕەوە ئاوییە بە کراوەیی بمێنێتەوە، دەبێت نەوت و گاز بۆ گەلی ئەمریکا بڕوات، هەر لەبەر ئەوەشە کە دەبینن نرخی سووتەمەنی و نەوت لە بازاڕەکاندا بەو شێوەیە دابەزیوە، چونکە سەرۆک وتی ئەو شاخوێنبەرە سەرەکییەی وزەی جیهانی لێوە دەڕوات، دەبێت بە کراوەیی بمێنێتەوە".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا هۆشداری توند دەداتە ئێران و رایگەیاند "دەبێت بزانن هەر هەوڵێک بۆ داخستنی گەرووی هورمز، وەڵامی سەربازیی ئەمریکای لێدەکەوێتەوە ئەوان دەتوانن پابەندی رێککەوتنەکە بن، یان رووبەڕووی هەمان ئەو شتە ببنەوە کە شەوی رابردوو بەسەریاندا هات؛ ئەمە هەر بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو رێڕەوە دەکەنەوە و هێرشی سەر کەشتییەکان رادەگرن".
ئەمە لە کاتێکدایە لە بەرەبەیانی چوار شەممەوە هێرشەکانی ئەمریکا و بۆسەر ئێران دەستی پێکردوەتەوە و و ئێرانیش وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە لە هەمانکاتدا دۆناڵد ترەمپ لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنکارە بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و وتی بەهۆی پابەندنەبوونی ئێران بە ئاگربەستەکە، هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.