سوپای پاسداران: هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا رووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "وەڵامێکی کوشندەی دەستدرێژییەکانی سوپای ئەمریکایان داوەتەوە."

ئەمڕۆ ٩ی تەموز هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە دۆخی ئێستای گەرووی هورمز، لە راگەیەندراوێکدا دەنوسێت "هێزەکانی سوپای پاسداران لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، توانیویانە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ و ئاسایشی گەرووی هورمز بکەن و بە شێوەیەکی پلەبەندی گەرووەکە بکەنەوە."

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ئێستا رێژەی هاتوچۆی کەشتییەکان گەیشتووەتە نزیکەی ٥٠٪ی قۆناخی پێش دەستپێکردنی جەنگ، ئەم رێژەیەش لە بەرزبوونەوەدایە بۆ ئەو کەشتییانەی کە پابەندی رێکارە ئەمنییەکان دەبن و مۆڵەتی فەرمی لە هێزی دەریایی سوپای پاسداران وەردەگرن بۆ تێپەڕین لەو رێڕەوانەی کە کۆماری ئیسلامی دیاریی کردوون.

سوپای پاسداران لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا هۆشداری توند دەداتە هێزە دەرەکییەکان و رایدەگەیەنێت "بێگانەکان هیچ پشکێکیان لەم خاکە و لە گەرووی هورمزدا نییە."

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، هەر جۆرە دەستوەردانێک یان سەرکێشییەکی سوپای ئەمریکا لە دیاریکردنی رێڕەوی هاتوچۆدا، نەک تەنها رووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە، بەڵکو پڕۆسەی هێواش و پلەبەندی کردنەوەی گەرووەکەش پەکدەخات، ئەمەش زیانێکی گەورە بە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە دەگەیەنێت کە گەرووی هورمز بۆ بازرگانی بەکاردەهێنن.

ماوەی دوو رۆژە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران دەستی پێکردووەتەوە، کە ئەمڕۆ سێنتکۆم رایگەیاند، شەوی رابردوو ٩٠ پێگەی ئێرانیان بۆردومان کردووە.




PM:03:31:09/07/2026